مایکرۆسۆفت پشتگیری یاریدەدەری دەنگی Google Assistant بۆ سەکۆی Xbox One زیاد دەکات

لە ئێستادا زۆرێک لە ئامێرە زیرەکەکان پشتگیری لە یاریدەدەری دەنگی Google Assistant ـی کۆمپانیای گووگڵ دەکەن تاوەکو لە ڕێگەی دەنگەوە فرمانەکانی بەکارهێنەران جێبەجێ بکەن. مایکرۆسۆفتیش کار لەسەر زیادکردنی پشتگیری یاریدەدەرە دەنگییەکە دەکات بۆ سەکۆی Xbox One.
لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە بەمنزیکانە بەکارهێنەرانی سەکۆی Xbox One دەتوانن سوودمەند بن لە بەکارهێنانی یاریدەدەری دەنگی Google Assistant ـی کۆمپانیای گووگڵ. بەکارهێنەران لە ڕێگەی یاریدەدەرە دەنگییەکەوە دەتوانن ئەپەکان بکەنەوە، سەکۆکە بکوژێننەوە و هەڵی بکەنەوە، ڤیدیۆکان بوەستێنن و لەگەڵ ئەنجامدانی دەیان کرداری دیکەدا. بۆ بەکارهێنانی یاریدەدەرە دەنگییەکە لە سەکۆیەکە، پێویست دەکات ئەپی Google Assistant لە نێو ئامێری iOS یاخود Android ـەکەت بوونی هەبێت.
لە ڕاستیدا، یاریدەدەری دەنگی Google Assistant بە تەواوی لە سەکۆی Xbox One ـدا کار ناکات، لە جێگەی ئەوە، ئەپەکە فرمانە دەنگییەکان لە ڕێگەی مۆبایل یاخود تابلێتەکانەوە وەردەگرێت کە ئەپی Google Assistant ـیان لەسەر کاردەکات.

لە ئێستادا تایبەتمەندییەکە لە وەشانی تاقیکاری گشتی سەکۆیەکەدا بەردەستە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی سەکۆی Xbox One بەردەست دەکرێت.
سەرچاوە :
- kitn
لێدوانەکان