وەنپڵەس تەلەفزیۆنی زیرەکی OnePlus TV ـی بە 2 جۆر و بە قەبارەی 55 ئینج و ڕوونمای QLED ـەوە ڕاگەیاند

 
لە پاڵ ڕاگەیاندنی مۆبایلی OnePlus 7T لە ئەمڕۆدا، کۆمپانیای وەنپڵەس تەلەفزیۆنی زیرەکی OnePlus TV ـیشی بە 2 جۆر و قەبارەی 55 ئینج و ڕوونمای QLED ـەوە ڕاگەیاند.

هەردوو جۆری تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکەی وەنپڵەس ناویان OnePlus TV Q1 و OnePlus TV Q1 Pro ـە، هەردووکیان خاوەنی ڕوونمایەکن بە قەبارەی 55 ئینج لە جۆری QLED. جۆری OnePlus TV Q1 ـی تەلەفزیۆنە زیرەکەکە نرخی هەرزانتر دەبێت لە چاو OnePlus TV Q1 Pro ـەوە. ئەوەی جیاوازی درووست دەکات لە نێوانی ئەم دوو جۆرەدا، ئەوەیە کە جۆری OnePlus TV Q1 خاوەن شریتی دەنگ نییە لە ژێرەوە، گەر نا لە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی دیکەدا هاوتان.


تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی وەنپڵەس خاوەن 8 دانە بڵندگۆن و پشتگیری لە Dolby Vision و +HDR10 دەکەن. لە لایەکانەوە خاوەن چوارچێوەیەکی زۆر کەمن و لە پشتەوەش خاوەن ڕاگرێکی ستوونین، هەروەها جۆری OnePlus TV Q1 Pro لە ژێرەوە خاوەن شریتی دەنگە و لە کاتی هەڵکردنی تەلەفزیۆنەکەدا دەردەکەوێت.


تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی وەنپڵەس جۆرێکی نەزاندراوی پڕۆسێسەری MediaTek ـیان لەسەر جێگیرە، خاوەن 4 دانە دەرچەی HDMI 2.0 و دەرچەکانی ARC و Optical Audio و AV و ئاریەلە کۆنەکانن. دەربارەی پەیوەندی، تەلەفزیۆنە زیرەکەکان خاوەن Bluetooth و Wi-Fi ـن و بە شێوەیەکی بنچینەیش تایبەتمەندی Chromecast ـیان تێدا جێگیرە.

تەلەفزیۆنەکانی OnePlus TV بە سیستەمی Android TV ـی وەشانی Android 9 Pie کار دەکەن و توانای ئەوەیان دەبێت ئەپەکانی نێو کۆگای Google Play ـیان تێدا دابگیرێت، هەروەها پشتگیری لە یاریدەدەری دەنگی Google Assistant دەکەن و خاوەن کۆنتڕۆڵێکی بچکۆلانەن و دووگمەی Google Assistant ـی تێدا بوونی هەیە.


لە سەرەتادا تەلەفزیۆنی OnePlus TV لە وڵاتی هیندستان بەردەست دەکرێت، هەروەها لە ئایندەدا لە ئەمریکای باکوور و و ئەوروپا و ئاسیا و وڵاتانی دیکەی جیهاندا بەردەست دەکرێت. ڕێکەوتی بەردەستکردنی بە دیاریکراوی و نرخەکانی تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی وەنپڵەس نەزاندراون.

سەرچاوە :
  • kitn

ليست هناك تعليقات