دەرکەوت کە بەشێکی نوێ لە یاری Fortnite بە ناوی Fortnite Chapter 2 ـەوە ڕادەگەیەندرێت

وا بۆ 2 ڕۆژ دەچێت کۆمپانیای Epic Games درووستکەری یاری Fortnite ڕەفتاری سەیر و سەمەرە دەکات، کۆمپانیاکە نەخشەی یاری Fortnite ـی تێکدا و تێیدا چاڵێکی ڕەشی درووست کرد و وێنەی ڕەشی کردە سەر پەڕەی هەژمارە فەرمییەکانی یارییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرجەم جریوەکانیشی لە هەژماری فەرمی Fortnite لە تویتەر سڕییەوە.
ڤیدیۆیەک دزەی پێکرا و تێیدا ئاشکرابوو کە کۆمپانیای Epic Games کار لەسەر بەردەستکردنی بەشێکی نوێی یاری Fortnite دەکات، بەشە نوێیەکە ناوی Fortnite Chapter 2 دەبێت و تێیدا خاوەن نەخشەیەکی تەواو نوێ، بەلەم و ماسی و توانای مەلەکردن دەبێت. بەشە نوێیەکە خاوەن چەند وەرزێک دەبێت لە داهاتوودا، هەر بۆیە سەرەتا لە وەرزی یەکەمەوە دەست پێدەکات و درێژە دەخایەنێت.
وا دیارە بەشە نوێیەکەی Fortnite خاوەن چەند ڕێگایەکی نوێ دەبێت بۆ زیادکردنی پلە. هەروەها دەتوانرێت تێدا مەدالیای جەنگ و ژیان لە کاتی یاریکردندا بەدەست بهێنیت. لە بەشە نوێیەکەدا زیاتر لە 100 جۆر خەڵاتی جیاواز بۆ Battle Pass بوونی دەبێت.

هەزاران یاریزانی Fortnite لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە تاوەکو بزانن چی بەسەر یارییەکەدا دێت، هەندێک وا دەزانن ئەم ڕەفتارانەی کۆمپانیای Epic Games نیشانی کۆتایی پێهێنانی یارییەکەیە.
ڕاوەستاندنی یارییەکی بەناوبانگ بۆ ماوەی ڕۆژێک و زیاتر کارێکی مەترسیدارە و چاونەترسی دەوێت، بە تایبەتی ئەگەر یارییەکی سەرکەوتووی وەکو Fortnite بێت. بە هەرحاڵ، وا دیارە وەرزی دەیەمی یارییەکە کۆتایی پێهاتووە و بەمنزیکانە بەش و وەرزێکی نوێ لە یارییەکە دەست پێدەکات.
سەرچاوە :
- kitn
لێدوانەکان